چیرۆكی‌ بینراو له‌ناوچه‌ نائارامه‌كاندا
16 - 18 June 2015


Location:
Sulaimani

Lecturer:
ستیڤانۆ كارینی‌

Genre:
فۆتۆگرافي

ۆرك شۆپێك به‌باره‌ی‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ چیرۆكی‌ بینراو له‌ناوچه‌ نائارامه‌كاندا

ئه‌م ۆرك شۆپه‌ كه‌ ستیڤانۆ كارینی‌ به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌بات، ئامانج لێی‌ راهێنانی‌ 8 بۆ 15 وێنه‌گره‌ بۆ چۆنێتی‌ دروستكردنی‌ چیرۆكی‌ بینراوو پاراستنی‌ سه‌لامه‌تی‌ گیانیان له‌ناوچه‌ نائارامه‌كان.

ۆرك شۆپه‌كه‌ له‌سێ‌ قۆناغ پێكهاتووه‌، قۆناغی‌ یه‌كه‌م: پێشه‌كییه‌كی‌ گشتی‌ له‌باره‌ی‌ كاری‌ فۆتۆگرافی‌‌و زمانی‌ بینین‌و له‌به‌رچاوگرتنی‌ سه‌لامه‌تی‌ له‌كاتی‌ ئاماده‌كردنی‌ پرۆژه‌یه‌ك له‌ناوچه‌ نائارامه‌كاندا، ئه‌م به‌شه‌ سێ‌ رۆژ ده‌خایه‌نێت‌و له‌ماوه‌ی‌ نێوان 16 تا 18ی‌ حوزه‌یران له‌سلێمانی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

له‌كۆتایی‌ ئه‌م به‌شه‌دا به‌شداربووه‌كان بیرۆكه‌یه‌كی‌ ته‌واو گه‌ڵاڵه‌ ده‌كه‌ن له‌باره‌ی‌ پرۆژه‌كانی‌ وێنه‌وه‌و شاره‌زاییان ده‌بێت له‌سه‌ر پایه‌كانی‌ چیرۆك‌و چۆنێتی‌ نه‌خشه‌كێشانه‌وه‌و دوای‌ ئه‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌ن به‌به‌رهه‌مهێنانی‌ چیرۆكی‌ تایبه‌ت به‌خۆیان.

له‌قۆناغی‌ دووهه‌مدا فۆتۆگرافه‌ره‌كان راده‌سپێردرێن بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ دوو مانگدا چه‌ند كارێكی‌ تایبه‌ت به‌خۆیان پێشكه‌ش بكه‌ن، ئه‌م ماوه‌ی‌ زۆر گونجاوه‌ بۆ گه‌ڕان‌و دۆزینه‌وه‌و ئه‌نجامدانی‌ كاری‌ زۆر باش.

له‌ۆرك شۆپێكی‌ تری‌ دوو رۆژه‌دا هه‌ریه‌ك له‌به‌شداربووان كاره‌كانیان نمایش ده‌كه‌ن‌و باسی‌ بیرۆكه‌و ته‌كنیكه‌كانی‌ ئه‌نجامدانی‌ كاره‌كه‌ ده‌كه‌ن‌و وه‌ڵامی‌ ئه‌و پرسیارانه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ لێیان ده‌كرێت، دواتر خاڵی‌ لاوازو به‌هێزی‌ پرۆژه‌كانیان بۆ روون ده‌كرێته‌وه‌و یارمه‌تیده‌درێن بۆ ئه‌نجامدانی‌ قۆناغی‌ به‌ر له‌ئیدت كردن‌و رێكخستنی‌ پرۆژه‌كانیان.

به‌شداربووه‌كان 6 بۆ 8 هه‌فته‌ی‌ تریان له‌به‌رده‌ستدا ده‌بێ‌ بۆ رێكخستنه‌وه‌ی‌ چیرۆكه‌كانیان‌و چۆنێتی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كه‌موكوڕییه‌كان‌و ئاماده‌كردنی‌ بۆ قۆناغی‌ سێهه‌م كه‌ ئه‌مه‌یشیان له‌ ۆرك شۆپێكی‌ دوو رۆژه‌ پێكهاتووه‌ تایبه‌ت به‌دوا به‌شی‌ پرۆژه‌كان‌و گفتوگۆكردن له‌باره‌ی‌ ئه‌گه‌ری‌ به‌بازاڕكردن‌و فرۆشتنی‌ چیرۆكه‌كانیان.

ئامانجی‌ ئه‌م زنجیره‌ ۆرك شۆپه‌ راهێنانی‌ به‌شداربووه‌كانه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماكانی‌ وێنه‌گرتن له‌ناوچه‌ نائارامه‌كان‌و چۆنێتی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ چیرۆكی‌ بینراو، دواجار كۆمه‌ڵێك فۆتۆگرافه‌ر ئاماده‌ ده‌بن كه‌ توانای‌ گه‌ڕان‌و ئه‌نجامدان‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ پرۆژه‌كانیان هه‌یه‌.

ستیڤانۆ كارینی‌

ساڵی‌ 1985 له‌شاری‌ تۆرینۆی‌ وڵاتی‌ ئیتالیا له‌دایكبووه‌.

خوێندنی‌ له‌كۆلێژی‌ له‌نده‌ن بۆ په‌یوه‌ندی‌‌و فۆتۆگرافی‌‌و په‌یمانگای‌ دانیماركی‌ میدیاو رۆژنامه‌ (DMJX) له‌دانیمارك ته‌واوكردووه‌. له‌هه‌ردوو ئاژانسی‌ نور (NOOR Images)و وۆرد پرێس فۆتۆ (World Press Photo) كاری‌ كردووه‌.

له‌هه‌ریه‌ك له‌وڵاتانی‌ ئیتاڵیاو به‌ریتانیاو میسر كاری‌ كردووه‌و پاش ئه‌وه‌ی‌ بڕیاریداوه‌ كه‌ رێچكه‌یه‌كی‌ تری‌ كاركردن بۆخۆی‌ بدۆزێته‌وه‌ له‌كاری‌ فۆتۆگرافی‌‌و گێڕانه‌وه‌ی‌ چیرۆك.

ستیڤانۆ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت ده‌یه‌وێت به‌شێك بێت له‌‌وشۆڕشه‌ رۆشنبیریه‌ی‌ وێنه‌و دیكیۆمێنتی‌ بینراوی‌ پێ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، چونكه‌ ئێستا جیهان پێویستی‌ به‌م جۆره‌ بیركردنه‌وه‌یه‌یه‌.

ستیڤانۆ كارینی‌ ئێستا له‌شاری‌ سلێمانی‌ كارده‌كات له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، سه‌رنوسه‌ری‌ ئاژانسی‌ میترۆگرافیه‌ كه‌ یه‌كه‌م ئاژانسی‌ بواری‌ فۆتۆیه‌ له‌عێراقدا.

تائێستا ستیڤانۆ چه‌ند وۆرك شۆپێكی‌ له‌ئه‌وروپاو كوردستان پێشكه‌شكردووه‌و ئه‌زموونی‌ خۆی‌‌و ته‌حریری‌ فۆتۆگرافی‌ ده‌خاته‌ روو.