مه‌به‌ستمان سه‌ربه‌خۆیی‌‌و به‌رده‌وامبونی‌ میدیایه‌

ئه‌كادیمیای‌ راگه‌یاند – عێراق، له‌ڕێی‌ راهێنان‌و به‌هێزكردنی میدیاكاران‌و به‌پرۆفیشناڵكردنیان، پاڵپشتیی سه‌ربه‌خۆ بونی‌ میدیا ده‌كات له‌عێراقدا.

ده‌سته‌واژه‌ی “له‌عێراقییه‌كانه‌وه‌ بۆ عێراقییه‌كان” په‌یڕه‌وی سه‌ره‌كیی ئه‌م ئه‌كادیمیایه‌ ده‌بێت‌و هه‌ر ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ش بڕیار له‌سه‌ر فراوانیی چالاكییه‌كانمان ده‌دات، به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌كادیمیاكه‌ پشت به‌ڕاهێنه‌ره‌ عێراقیه‌كان ده‌به‌ستێت پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌لایه‌ن كه‌سانی‌ پسپۆڕی‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ مه‌شقی‌ پێویستیان پێده‌كرێت‌و ئاماده‌ی‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كرێن.

سه‌رپه‌رشتیكردن

ستافی كارگێڕی‌و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌كادیمیای‌ راگه‌یاند له‌میدیاكارانی پرۆفیشناڵی عێراقی‌ پێكهاتوون كه‌ له‌لایه‌ن راهێنه‌رانی تایبه‌تمه‌ندی ئه‌ڵمانی‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ هه‌ڵبژێردراون‌و به‌شێوه‌یه‌ك مه‌شقیان پێكراوه‌ كه‌ له‌توانایاندا بێت زانیاریه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی‌ مۆدێرن‌و پرۆفیشناڵانه‌ بۆ میدیاكارانی‌ تری‌ عێراق بگوازنه‌وه‌.

لایه‌نی‌ تیۆری‌ تێده‌په‌ڕێنین

ئه‌گه‌رچی‌ له‌ڕوی‌ تیۆریه‌وه‌ ئه‌كادیمیاكه‌مان خاوه‌ن پرۆگرامێكی‌ تایبه‌تی‌ مه‌شق‌و راهێنانی‌ رۆژنامه‌وانیه‌، له‌هه‌مانكاتدا مه‌شق‌و راهێنانی‌ پراكتیكیش بۆ فێرخوازه‌كان ديَنينه‌ ئاراوه‌ به‌شێوه‌یه‌ك دواجار بتوانن مه‌شقه‌ تیۆریه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ پراكتیكه‌‌و له‌ڕێگه‌ی‌ پێگه‌ی‌ niqash.org وه‌، له‌كه‌شێكی مێدیاكارانه‌ی چالاك‌و جوڵاو‌و پرۆفیشناڵانه‌، بڵاوبكه‌نه‌وه‌.

niqash.org له‌ساڵی‌ 2005وه‌ راپۆرت‌و چیرۆكی‌ رۆژنامه‌وانی‌ ره‌خنه‌ئامێز‌و پرۆفیشناڵانه‌ له‌باره‌ی پێشهات‌و رووداوه‌كانی عێراق‌و هه‌رێمی‌ كوردستان بڵاو ده‌كاته‌وه‌، له‌داهاتوشدا فێرخوازانی ئه‌كادیمیای‌ راگه‌یاند به‌شدار ده‌بن له‌نووسین‌و به‌رهه‌مهێنانی چیرۆك‌و راپۆرت‌و فۆتۆ‌و به‌رهه‌مه‌ فره‌میدیاییه‌كانی‌ تری‌ ئه‌م پێگه‌ ئه‌لكترۆنیه‌.